بولگاریا: 37 پەنابەری نایاسایی دەستگیرکران

دەستەڵاتدارانی بولگاریا، 37 پەنابەری نایاساییان لە سۆفیای پایتەخت دەستگیرکرد، ئەوەش دوای پێکدادانی پاسێکی هەڵگری کۆچبەران لەگەڵ ئوتۆمبێلێکی پۆلیس، کە تێیدا دوو پۆلیس گیانیان لەدەستدا.

دوای ئەوەی پێکدادانێک لە نێوان پاسێک، کە هەڵگری کۆچبەری نایاسایی بوو لەگەڵ ئوتۆمبێلێکی پۆلیس، کە بەهۆیەوە دوو پۆلیس گیانیان لەدەستدا، 37 کۆچبەر دەستگیرکران.

دەستەڵاتداران دەڵێن، ئەو کۆچبەرانە هەموویان خەڵکی سوریان و، یەکێ لە کۆچبەرانی مەغریبیشیان تێدایە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە شۆفێری پاسەکە تەمەنی 15 ساڵان بووە و، دەڵێت خەڵکی سوریایە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەک و مۆڵەتی شۆفێری نییە.

هەروەها دەستەڵاتداران 141 کۆچبەری ئەفغانی بێ بەڵگەنامەیان لە نێوان شەممە و دووشەممە و 27 و 29ی ئابدا دەستگیرکردووە، کە لە گوندێکی نزیک شاری بورگاس خۆیان حەشاردابوو، وە زیاتر لە 100 کۆچبەری دیکە لەناو پاسێکی نزیک باکووری مەکدۆنیا ددەستگیرکراون، کە هاووڵاتیەکی مەکدۆنیایی شۆفێری بووە.

ئەم ڕووداوانە مشتومڕی سەر گەندەڵی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان و، ڕێگای قاچاخی زیندوو کردەوە و، وەزیری ناوخۆی کاتی، ئیڤان دێرمینگیێڤیش، لە دوای ڕووداوەکەی 25ی ئابەوە ڕایگەیاند، شەڕێک هەیە کە کۆچبەران دژی بولگاریا بەرپایان کردووە.

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی هێلسنکی بولگاری، کراسمیر کەنێڤ، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە مامەڵەکردنی دەستەڵاتدارانی بولگاریا لەگەڵ کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان، ڕونیشیکردەوە کە مەترسی دەستدرێژیکردنە سەریان هەیە، وەک چۆن ئەوان زمان نازانن و خزمیان نییە و ناتوانن بەرگری یاسایی بەدەست بهێنن لە بەرامبەر توندوتیژی پۆلیسدا لاوازن، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هاووڵاتیان لە بولگاریا لە ئازارە ناخۆشەکانی کۆچبەران نازانن و، قوربانییەکان دەرفەتی ئەوەیان نابێت، کە بە ئاشکرا قسە لەسەر توندوتیژی بکەن.

ڕەنگە بە دڵت بن