هێرش دەکرێتە سەر دەیان کۆچبەر

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان سەدان قوبرسی یۆنانی هێرشیان کردۆتە سەر کۆمەڵێ کۆچبەری سوری، کە بە 250 کەس مەزەندە دەکرێت، ئەوەش لە میانەی خۆپیشاندانێکدا لەلایەن کۆچبەرانەوە و گرژی نێوان دانیشتوانی گوندی کلۆراکای باشووری ڕۆژئاوای دوورگەکە و کۆچبەران زیادی کردووە.

سەرۆکی قوبرس نیکۆ کریستۆدۆلیدس بە ڕۆژنامەنووسانی وت: “توندوتیژی هیچ شتێک چارەسەر ناکات، تەنیا دەبێتە هۆی توندوتیژی زیاتر”، جەختیشی لەوە کردەوە کە فەرمانی بە هەردوو سەرۆکی پۆلیس و وەزیری داد کردووە گفتوگۆ لەگەڵ دەستەڵاتدارانی شارەوانی کلۆراکا و کۆچبەرانی سوریا بکەن.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد لە زاری پۆلیسی قوبرسەوە ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران دەستیان کردووە بە ئاگر بەردانە سەبەتەی زبڵ و ئاگر بەردان لە یەکێ لە بیناکان.

وتەبێژی پۆلیس کریستۆس ئەندرێو بە ڕادیۆی دەوڵەتی قوبرسی وت، پێکدادانەکان لەو کاتە دەستیپێکرد کە یۆنانیەکان هەوڵیاندا هێرش بکەن سەر کۆچبەران.

وتی نۆ قوبرسی یۆنانی و دەیان کۆچبەر دەستگیرکراون، کە دەستگیرکراوەکان ڕووبەڕووی تۆمەتی هەڵگرتنی چەک و توندوتیژی دەبنەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد، سەدان دانیشتووی کۆلۆراکا بۆ ناڕەزایەتیدان بەوەی دەڵێن گوندەکەیان بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانەوە گۆڕاوە، خۆپیشاندانیان کردووە.

خۆپیشاندانەکان ڕۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد کاتێک پۆلیس دەستیان بەسەر شوقەیەکی چۆڵکراودا گرت لە کۆلۆناکا بۆ دەرکردنی دەیان کۆچبەر کە بە نایاسایی لەوێ دەژیان، هەروەها ڕۆژی دواتر کۆچبەران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی مامەڵەی نادادپەروەرانە لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن