دەیان کرێکاری کۆچبەر لە ناوەندێکی جیاکردنەوەی پاشەڕۆی هەرێمی پاریس، بۆ ناڕەزایەتیدان لەسەر بارودۆخی کارکردن و داواکردنی گرێبەست خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
چەند کۆچبەرێک لەبەردەم ناوەندێکی گەورەی جیاکردنەوەی زبڵ لە پاریس کۆبوونەوە، کە کۆمپانیای فەڕەنسی ڤیۆلیا بەڕێوەی دەبات، ئەوەش بۆ ئیدانەکردنی بارودۆخی کارکردنیان. بە تایبەتی کە چەندین ساڵە بەبێ گرێبەستی فەرمی لە هەلومەرجی نەگونجاودا کار دەکەن.
ئەوان دەیانگوت: “ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ڕێز لە مافەکانمان بگرن، ئێمە مانگانە 800 یۆرۆمان وەردەگرت، بەڵام کرێی خانووەکان لانیکەم 500 یۆرۆ بوو”.
کرێکارانی کۆچبەر دەڵێن، بەبێ پاراستن کار دەکەن و دەڵێن کارکردن ئاسان نییە، بەبێ ئەوەی مافی پشووت هەبێت، بەرانبەر کاتژمێرە زۆرەکانی کارکردن، مووچەیەکی کەم وەردەگرین، لە کاتێکدا مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زبڵانە ماددەی ژەهراوییان تێدایە.
بە شێوەیەکی گشتی، کرێکاران لەم کەرتەدا مافی ئەوەیان هەیە 76 ڕۆژ مۆڵەت وەربگرن بەپێی بیمەی تەندروستی. بەڵام کۆچبەران جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمە بۆ کارەکانیان بوونی نییە. ئەمین، کرێکارێکی مەغریبی تەمەن 23 ساڵە، وتی: “هاوکارێک دوای ئەوەی لەکاتی کارکردندا کەوتە خوارەوە شانی شکا، هیچ مووچەیەکی پێنەدراوە دوای ئەوەی ناچاربووە واز لە کارکردن بهێنێت”.
مستەفا، تەمەن 35 ساڵ، وتی: “ئێمە وەک کۆیلە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، ئێمە بەبێ ستانداردی سەلامەتی کار دەکەین، بەبێ دەمامک، بەبێ پشتێن”.
سەندیکای کرێکاران (CGT) ئیدانەی “ئەم سیستمەی بەڕێوەبردنە نایاساییەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی کاتی” دەکات. داوای دامەزراندنی کرێکارانی کۆچبەری یاسایی کرد، بە ڕێکخستنی دۆخی خۆیان و قەرەبووکردنەوەی موچەکانیان.