ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بۆ ئەمساڵ لە وڵاتانی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن کەس تێپەڕێنێت، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە ئەوروپادا لەوەتای شەپۆلی پەنابەران لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 روویدا.
ئامارەکانی نووسینگەی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا (EUAA) دەریدەخەن، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، بە ڕێژەی 28٪ بە بەراورد لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە. لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، 519 هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتی لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و سویسرا و نەرویج وەرگیراوە.
سورییەکان و ئەفغانییەکان بە یەکەوە نزیکەی چارەکێکی داواکارییەکانی مافی پەنابەرێتییان پێکهێناوە، بەدوای ئەو پەنابەرانەدا دێت کە لە ڤەنزوێلا، تورکیا، کۆڵۆمبیا، بەنگلادیش و پاکستانەوە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.
نزیکەی 41٪ی ئەوانەی داوای پەنابەرییان کردووە، جۆرێک لە پێدانی مافی مانەوەیان وەرگرتووە، کە ڕێگەیان پێدەدات لە ئەوروپا بمێننەوە.
ئەڵمانیا کە زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی لە سوریاوە وەرگرتووە لە ساڵانی 2015 بۆ 2016، هێشتا گەورەترین شوێنە بۆ ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، تەنیا لە سەدا 62 ی داواکارییەکانی پەنابەری لەلایەن سورییەکانەوە و لە سەدا 50 ی ئەفغانییەکان پێکهاتوون.
سوید لە لیستی ئەو وڵاتانەدا بوو کە داوای مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە، تەنیا لە سەدا یەکی هەموو داواکارییەکانی پەنابەری وەردەگرن کە لەلایەن سورییەکانەوە پێشکەش دەکرێن، لە سەدا یەکی ئەفغانییەکان و لە سەدا پێنجی عێراقییەکانیش دەگرێتەوە.