سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی نەرویج و بەسەرکردنەوەی ڕەوەندی کوردستانی و سەردانی پەرلەمان و چەند پارتێکی ئەو وڵاتە، بە یاوەری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج و، بەرپرسی فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، لە یەکێ لە قوتابخانە کوردییەکانی ئۆسلۆ، کێکی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ی بڕی و گوێی لە داواکاری و پێشنیاری مامۆستایانی قوتابخانەکە گرت.
رۆژی شەممە، رێکەوتی 2ی9ی2023، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، بە یاوەری دکتۆر نورەدین خۆشناو، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج، عەدنان موختار بەرپرسی فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، سەردانی قوتابخانەیەکی کوردی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کرد و، لەلایەن مامۆستا بورهان فارس بەڕێوەبەر و مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا و لەگەڵیان کۆبوونەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، مامۆستا بورهان فارس سوپاسی شفا بارزانی و ڕەوەندی کوردستانی کرد، کە هەستن بە دابینکردنی کتێب بۆ قوتابخانەکەیان ئەوەش لە رێی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە سەرجەمی خوێندنەکانیان، هەمان سیستمی خوێندنی هەرێمی کوردستانە.
مامۆستایانی قوتابخانەکەش گرینگی قوتابخانەکەیان باس کرد، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵە کوردانەی لەو وڵاتە لە دایک دەبن، تا فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی دایک بن و هەستی نیشتمانیان هەبێت، هەر ئەو قوتابخانە توانیویانە بۆ قۆناغی دواناوەندیش چەندین قوتابی کورد پێبگەیەنن و بتوانن فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی ببن و بە کۆی شەش لەسەر شەش نمرەکانیان بەدەست بێنن.
قوتابخانەکان وانەی زمانی کوردی بە هەر دوو زاراوە و هەر دوو پیتی لاتینی و ئارامی وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە.
دوای گوێگرتن لە بەڕێوەبەر و مامۆستاکانی قوتابخانەکە، شفا بارزانی سوپاسی کردن و جەختی لەسەر گرینگی و پیرۆزی کارەکەیان کردەوە و، ئاماژەی بەوەشدا، کە یەکێک لە بەرنامە و ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی سەرۆک بارزانییە، گرنگیدانە بە فێرکردنی زمان و کەلتووری کوردی و گەیاندنی بە هەموو ماڵێکی کوردستانی لە دیاسپۆرا، هەروەها ئامادەیی خۆی و کۆنفدراسیۆنی بۆ هەر پاڵپشتیێکیان نیشاندا و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و داواکارییەکانیان بخاتە بەر دەستی.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، ئامادەگی خۆی ڕاگەیاند بۆ هاتنە پاڵ کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و لە ژێر چەتری کۆنفدراسیۆنەکەدا کارەکانیان ئەنجام بدەن.