ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دیسلدۆرف دەڵێ، ئەوان وەک ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بە هەماهەنگی ژمارەیەک رێکخراوی ژنان و رێکخراو و کۆمەڵەیەکی مەدەنی، لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی ڕاپەڕین و شەهیدبوونی ژینا و راپەرینی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانی بەرامبەر ئەو رووداوە گرینگە بێ دەنگ نەبین و، بە پێی توانا و ئیمکاناتی خۆمان لەگەڵ چەند رێکخراوێک لە 17سێپتەمبەردا و لە شاری کوڵنی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەببەین.
خاتوو لەیلا ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دیسلدۆرفی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕ فەرمیی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وتی: “ئەو چالاکییەیان بە هەماهەنگی چەند رێکخراو و گرووپێکی مەدەنییە و، پشتیگرییە لە خەباتی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها هەوڵێکە بۆ لەقاودانی زیاتری ئەو خەباتە و قوربانییەکانی لە ئاستی دەرەوە و وڵاتانی ئەوروپادا. ئێمە هەوڵ دەدەین کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا و بە تایبەتی شاری کوڵن، لە تێپەراندنی ئەو ئەرکە نەتەوەییەدا لەگەڵمان بەشدار بن و لەو رۆژەدا بتوانین دەنگی خەباتی نەتەوەکەمان بین”.
ئەوەشی خستەڕوو، کە راپەرینی ژینا، نەک تەنیا ریزەکانی نەتەوەکەمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی لە پێناو بەرگری لە خوێنی بەناهەق رژاوی ژینا و رۆڵەکانی دیکەی نەتەوەکەمان یەکخست، بەڵکو توانی رێنیشاندەر و چەخماخەی راپەڕینێکی گەورە بێت لە ئاستی هەموو ئێراندا. بۆیە ئێمە وەک ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دیسلدۆرف، بە رووداوێکی گرینگ و کاریگەر هەم بۆ پرسی کورد، هەم وەک پرسی تایبەتی ژنان چاوی لێدەکەین.
ئاماژەی بەوەشدا، کە لە کۆبوونەوەکەدا جگە لەوەی چەند وتار و بابەتێک بەو بۆنەیەوە بە زمانەکانی کوردی و ئەڵمانی پێشکەش دەکرێن، هاوکات ژمارەیەک هونەمەندی کورد بەشدارن لەگەڵمان و هەر بەو بۆنەیەوە چەند بەرهەمێک پێشکەش دەکەن. هەر لە چوارچێوەی بەرنامەکاندا هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەکە بە وێنەی شەهیدانی راپەڕین لە چوارچێوەی پلاکارت و پۆستەردا زیاتر بڕازێنینەوە