بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی راستەوخۆی مستەر کورد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکاو کەنەدا، كۆبونەوەی ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە شاری ناشڤیلی لە وڵاتی ئەمریکا بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوو.
سەرەتای كۆبونەوەکە بە راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای رزگاری کوردستان بە گشتیی، شۆرشی یەک ساڵی رابردووی ژینا لە رۆهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دەستی پێكرد.
دواتر تەعبیر سندی ریزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە. کاک ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو شاندنی یاوەری کە بۆ واژۆکردنی دەستەخوشکی نێوان ناشڤیل و هەولێر لە ئەمریکا بوون، بۆ ماوەیەکی کورت وەکوو نیشاندانی رێزو پشتیوانی لە کۆنفیدراسیۆن بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد. پاشان پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکی کورتدا سپاسی کارو تێکۆشانی کۆنفیدراسیۆن و رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکای کردو خەباتی ئەوانی بە گرینگ و شوێندانەر لێکدایەوەو هاوکات پشتیوانی خۆشی بۆ کارو پرۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفیدراسیۆن دووپات کردەوە.
دواتر رەحیم رەشیدی رەشیدی وێرای سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووان و سپاسی تایبەتی لە شاندی پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە بەرنامەو پڕۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بەگشتیی، ئەمەریکای باکوور، بە تایبەتی قسەی بۆ ئامادەبووان کردو بایەخی ئەو هەنگاوەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە شیکردەوەو رایگەیاند کۆنفدراسیۆن بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانیان و یەکخستنی هێزو تواناکان لە پێناو خزمەت بە کوردستان دامەزراوەو موڵکی هەموو کوردێکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەرە.
مستەر کورد بە پێداگیرییەوە باسی لەوەکرد ناوەندی رەوەندی کوردستانی، وەک ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ خزمەتی دۆزی کوردستان دەکات، هاوکات ناوەندەکە هەوڵ دەدا کۆکەرەوەی زۆرترین رێژەی کوردستانیان بێت، لەم بوارەدا بە بەرنامەی زانستی و سەردەمیانە تێدەکۆشێ تا رەوەندەکەمان بەشێوەیەکی ئەمرۆیی کەڵک لە بوارو دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت، هەروەها لەو وڵاتانەدا کاراو چالاک بێت و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو ئەوانەی باوەریان بە پڕنسیپە نەتەوەییەکان هەیەو لەم پێوەندییەدا هێڵە گشتییەکانی کۆنفدراسیۆنی شیکردەوە کە باوەرمەند بوون بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگەو هێما نەتەوەییەکان و خەبات بە رزگاری نەتەوەیی و تێکۆشانی یاسامەند و ئاشتیخوازانەیە.
نوێنەری كۆنفدراسیۆن لە بەشێکی دیکە قسەکانی دا باسی لەوە کرد ،کەلەسەر نەوەكانی دووهەم و سێهەم و دواتری كوردستانی لە دەرەوە كار دەكەن و هەوڵ دەدەن کوردستانیان پتر لە ناوەندی و گرێچنی سیستەمی وڵاتانی رۆژئاوایی دا جێگای خۆیان بکەنەوە تاکوو لەم رێگاوە باشترو بەربڵاوتر پشتوانی زۆرتر بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان دەستەبەربکەن. رەشیدی لە ناوەرۆکی قسەکانی دا بە وردی پەرژایە سەر ئەو راستییە کە کۆنفیدراسیۆن بایەخێکی تایبەت بە ناشیل دەدا کە پتر لە ٢٥ هەزار کوردی لێدەژی و بە کوردستانی بچووک ناسراوەو لەم بارەوە باسی لە پلان و بەرنامەکانی کۆنفیدراسیۆن بۆ رەوەندی کوردستانی شارەکە کرد.
دواتر حیکمەت بامەڕنی یەکێک لە یەکەمین تیمەکانی پەنابەری کە ساڵی ١٩٧٦ چۆتە ناشڤیل باسێکی لەسەر مێژووی رەوەندی کوردستانی لە شارەکەو پێویستی خەبات بۆ کوردستان لە دەرەوە پێشکەش کرد.
ئەوجار لە کەش وهەوایەکی ئازادو دیمۆکراتیکدا ئامادەبووان دیدو پێشنیارو رەخنەکانی خۆیان هێنایە بەرباس و لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن بەرێزەوە وەڵامی رەخنەکانی دایەوە،و راگەیاند: کە رەخنەو تێبینییەکان بە دڵسۆزی و لە پێناو گەشەدان بە کاری کۆنفدراسیۆن دەزانێ.
لە دواین بڕگە بە رەزامەندی سەرجەم ئامادەبووان لە هەڵبژاردنێکی ئازادو دیمۆکراتی دا ١٣کەس وەکوو ئەندامانی ناوەندی رەوەندی کوردستانی بۆ راپەراندنی ئەرکەکان لە ناشڤیل هەڵبژێردران کە بریتی بوون لە:
١. نیزار شەرانشی
٢. تەعبیر سندی
٣. نۆپەل ئەحمەد
٤. ئیپەک ئیسماعیل
٥. نیگار ئەحمەدی
٦.فەلاح ئیسماعیل
٧. هاشم چۆکان
٨. هەرمەن عومەر
٩. عیسام سولێڤانی
١٠. ئاکام قەرەخدری
١١. موستەفا ئەلماس
١٢. ئومران چەلکی
١٣. موستەفا رەهنەمانی
دواتر نیزار شەرانشی وەکوو بەرپرس و ئیپەک ئیسماعیل بە جێگری جێگری بەرپرسی ناوەند هەڵبژێردران.
کوردستانیانی هەرچوار بەشی کوردستان جیا لەوەی وەکوو ئەندامی بەرێوەبەری ناوەند هەڵبژێردران، هاوکات نوێنەرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناشڤیل ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و دڵسۆزانە بۆ پێکهاتنی ناوەندەی رەوەندی کوردستانی هاوکارو یارمەتیدەر بوون.