سەرۆکی ئەڵمانیا لەسەر وەرگرتنی پەنابەران قسەی هەیە

سەرۆکی ئەڵمانیا دەڵێ وڵاتەکەی چیتر ناتوانێت پەنابەر وەربگرێت، هاوکات هاوسۆزی خۆی بۆ ئیتالیا دەربڕی کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تووشی لێشاوی کۆچبەران بووەوە.

فرانک واڵتەر شتاینمایەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی Corriere della Sera ی ئیتالی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆڕاگری لە رووی پەنادانی پەنابەراندا، ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە پێویستە ئیتالیا بە تەنیا مامەڵە لەگەڵ کێشەی کۆچبەراندا نەکات.

ئەو ستایشی ئیتالیای کرد بۆ نیشاندانی بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی زۆر بەرامبەر بەو پەنابەرانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە دەریای ناوەڕاستەوە هاتوون، جەختیشی کردەوە لەوەی داواکارییەکانی هاوکاری لە شارەکانی ئیتالیاوە بە جددی وەردەگرێت.

وتیشی: “شارەکانی ئەڵمانیا باشتر نین، چونکە هەردوو وڵات بارگرانییەکی زۆری کۆچبەرانیان کەوتۆتە سەر”.

سەرۆکی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا وڵاتەکەی زیاتر لە یەک لەسەر سێی داواکارییەکانی پەنابەری لە یەکێتی ئەوروپادا وەرگرتووە. زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر لە ئۆکرانیاوە هاتوونەتە ئەڵمانیا.

ڕەنگە بە دڵت بن