رێکەوتی ٣ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی رەحیم رەشیدی نوێنەری كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی لە كەنەدا و ئەمریكا کۆبوونەوەیەک لە ڕێگای زوومەوە بۆ ئەندامانی ناوەندی رەوەندی کوردستانی-تۆرۆنتۆ بەڕێوە چوو، كە تێیدا نوێنەری كۆنفدراسیۆن باسێكی گشتیی لەسەر كار و چالاكییەكانی كۆنفدراسیۆن بە گشتیی و، پێكهێنانی فدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە كەنەدا پێشكەش كرد كە ئەندامانی ناوەندی تورۆنتۆ بە شێوەیەكی زیندو و چالاك تێیدا بەشداریان كرد و، دید و بۆچوونەكانی خۆیان هێنایە بەرباس.
پاشان دەست لە كاركێشانەوەی ئەیوب عەبدوڵاپوور پەسەند كرا كە پێشتر جێگری بەرپرسی ناوەندی رەوەندی کوردستانی-تورۆنتۆ بوو. وە سەرتیپ كاكەیی بە هۆی پۆستە نوێیەکەی وەكوو سەرۆكی فدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە كەنەدا دەستبەرداری پۆستی بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-تورۆنتۆ بوو. دواتر بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی ناوەندی تورۆنتۆ، ئەحمەد محەمەدی بە بەرپرس و مێلۆدی قادری بە جێگری بەرپرسی ناوەندی رەوەندی كوردستانی-تۆرۆنتۆ هەڵبژێردران. لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، بەشیر سەنگاوی كە پێشتر ئەندامی جێگر بوو، بە ئەندامی سەرەکی ناوەندی رەوەندی كوردستانی-تورۆنتۆ هەڵبژێردرا.
شیاوی باسە، ڕۆژی یەكشەممەش ئەندامانی ناوەندی تورۆنتۆ، وێڕای ناوەندەكانی دیكە لە كەنەدا، بۆ قسە و باس لەسەر بەرنامە و كارەكانی ڕەوەندی كوردستانی لەو وڵاتە و گەشە و بەرەو پێشچوونی كار و بەرنامەكان كۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.
مستەر كورد نوێنەری كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی لە كەنەدا و ئەمریكا، وێڕای سوپاس و پێزانیین بۆ دڵسۆزی و تێكۆشانی هەموو لایەك، بە حەوسەڵەوە وڵامی رەخنەكانی دایەوە.