ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بێرمینگهام بە هەماهەنگی رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا، ئێوارە ئاهەنگێکیان لە بێرمینگهام ساز کرد، کە تێیدا چەند هونەرمەند و هونەردۆستێکی کورد بەشداری بوون.
رێکەوتی٢٢ی١١ی٢٠٢٣، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بێرمینگهام بە هەماهەنگی رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا، ئێوارە ئاهەنگێکی خێزانییان لە شاری بێرمینگهام ساز کرد، کە چەند خانەوادەیەکی کورد و هونەرمەند و هونەردۆستانیش تێیدا بەشدار بوون، وە چەندین نمایشی هونەری جۆراوجۆریان پێشکەش کرا و، دواتریش خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن فەرەیدون رەزا بەرپرسی ناوەندەوە بەخشرایە هونەرمەند دارۆ عەزیز بەرپرسی یەکەم دیداری فیلمی کوردی لە بێرمینگهام.
سازدانی ئاهەنگەکە بەبۆنەی سەرکەوتنی یەکەم دیداری فیلمی کوردی بوو لە بێرمینگهامی بەریتانیا، هەروەها موحسین حەمەد بەرپرسی دارایی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بێرمینگهام وتاری ناوەندەکەی خوێندەوە و، سوپاسی ئامادەبووان و هونەرمەندانی کرد.
جێی باسە، هەردوو ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا، بڕیاریانداوە بە یەکەمەوە هاریکاری لە بوارە جیاجیاکانی وەک کلتوری و فەرهەنگی و هونەری و سیاسی بکەن، ئەوەش لە پێناو ناسنامە و شوناسی کورد لە دیاسپۆرا.