فدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان-دیاسپۆرا لە پەیامێکیاندا داوا لە سەرجەم کوردانی تاراوگە دەکەن بەشداری لەو خۆپیشاندانانە بکەن، کە لە وڵاتانی ئەوروپا دژ بە هێرشەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەیانکات، ئەنجام دەدرێن، هاوکات دەشڵێن، با ھەستی نەتەوەییمان ڕێچکەشکێن بێت بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلان و ھێرشە ناڕەواکانی دوژمنانی گەلەکەمان.
دەقی پەیامەکە:
بۆ شەرمەزارکردنی کارە تیرۆریستی و قێزەونەکانی ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی، داوا لە تەواوی نووسەرانی تاراوگە دەکەین کە لە ھەر وڵات و شوێنێکی جیھان خۆپیشاندان دژ بەم دەستەڵاتە سەرەڕۆیەی ئاخوندە ئیسلامییەکانی ئێران ڕێک دەخرێ، بەشداری تێدا بکەن، لێرەوە دەستخۆشانە لەو خاوەن قەڵەمانەیش دەکەین کە تا ئێستا پەردەیان لە سەر درۆ و بیانووەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ھەڵماڵیوە، کە وەک پاساوێک بۆ ھێرشکردنە سەر پارچەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دێننەوە .. با ھەستی نەتەوەییمان ڕێچکەشکێن بێت بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلان و ھێرشە ناڕەواکانی دوژمنانی گەلەکەمان …
سەرکەش و بڵند و سەرفراز بن خودان قەڵەمی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان…
فدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان. دیاسپۆرا
١٨ ⁄ ١ ⁄ ٢٠٢٤