دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی فەرەنساوە بەرەو شانشینی یەکگرتوو بەڕێدەکەون، دەستەی رزگارکردنی فەرەنسا، 184 کۆچبەریان بە سێ بەلەم ڕزگار کرد و، گەڕێندرانەوە بەندەرەکانی کالاس و دانکیغ، هاوکات لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووشدا، زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر لە کەناراوەکانی فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
لە چەند رۆژی رابردوودا ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هەرێمییەکان بۆ چاودێری و ڕزگارکردن (CROSS) لە گرەی-نای و گەرووی پاس دو کالاسی باکووری فەرەنسا، چەندین بەلەمی کۆچبەرانیان بەدیکرد، کە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، بۆیە دەگەنە لایان و رزگاریان دەکەن، بەگوێرەی راگەیاندراوی پارێزگای پاس-دو-کالاس، کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان لە نەتەوەی جیاوازی وەک ئەلبانی، جۆرجی، تورکی، عێراقی، ئەفغانی، هیندی، سودانی و سریلانکای پێکهاتوون.
هاوکات، پاسەوانی دەریایی فەڕەنسا، لە کەناراوەکانی گۆریڤلین، ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگارکردنیان بۆ 63 کۆچبەری دیکە ئەنجامدا و رزگار کران.
لەکۆی گشتیدا 184 کۆچبەر لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیای چەند رۆژەدا ڕزگارکراون و، لەو بەیاننامەیەشدا کە لەلایەن پارێزگای دەریای کەنال و دەریای باکوور (پریمەر)ەوە هاتووە، هەموو ئەو کۆچبەرانەی گەڕێندراونەتەوە بۆ خاکی فەرەنسا، خزمەتگوزاریان پێشکەش کراوە.
سەرەڕای ئەو میکانیزمە هەمەجۆرانەی کە لەلایەن دەستەڵاتدارانی فەرەنسا و بەریتانیاوە جێبەجێکراون بۆ ڕێگەگرتن لەگەشتی کۆچبەران، وەک کامێرا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و، زیادکردنی ئێشکگری سەر کەنار دەریاکان، وە سەرەڕای هۆشداری دووبارە لەبارەی مەترسییە گەورەکانی پەڕینەوە، بەڵام هێشتا کۆچبەران سوورن لەسەر گەیشتن بە بەریتانیا، کە تێیدا، هەفتەی ڕابردوو، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بەسەرکەوتوویی لەکەناڵەکە تێپەڕیون و گەیشتنە کەناری بەریتانیا، گەیشتنە تۆمارێکی نوێی نزیکەی 2120 کۆچبەر.
جێی باسە، ئەم ژمارە نوێیانە، کۆی گشتی ئەمساڵیان هێنایە 27415 کۆچبەر کە بە بەلەمی بچووک پەڕیونەتەوە، ڕاپۆرتێکی نوێی پەرلەمانی بەریتانیا ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە کۆی ئەو کۆچبەرانەی لەمساڵدا گەیشتوونەتە بەریتانیا، نزیکەی شەست هەزار کەس بوون.