هەڵسوکەوتی ژیرانە لەگەڵ کەرکوک

ئەسرین عاسی شوانی

کەرکوک ئەو شارە کوردستانیەیە،کە هەموو بەڵگە مێژووییە کۆنەکانی دۆست و نەیار ئاماژە بە کوردستانیەتی کەرکوک دەنێن،هەرچەندە کەرکوک بەهۆی گرنگی جیۆپۆلێتیکیەوە،هەر لەدێر زەمانەوە وەک و شارێکی فرە پێکهاتەیی و فرە مەزهەبی،بوەتە لانکەی خەڵکی شارەکە و هەمو پێکهاتەو ئاینزاکان وەک و خێزانێک لەشارەکە دەژین و خۆشیان دەوێ و بەرگری لێ دەکەن.بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە کەرکوک کوردستانیەو دەکەوێتە سنوری باشوری کوردستانەوە، هەڵبژاردنەکانیش گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن،کە کورد لە کەرکوک لە هەڵبژاردنەکان دا زۆرترین دەنگی هێناوە،سەرەڕای تەعریب کردن و گۆڕینی باری دیموگرافی و ئەنتۆگرافی،بۆیە ئێستا دوور لە ویستی پێکهاتەکان بە مەبەستی سیاسی و ئەوانەی لە پشت پێکهاتەی شارەکەوەن،کێشە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجومەنی پارێزگاو دانانی پارێزگار دروست دەکەن،کە ئیستحقاقی هەڵبژاردن کورد براوەی یەکەمەو پێویستە پارێزگار کوردێکی ڕەسەن و دڵسۆزی خەڵکی شاری کەرکوک بێت و بتوانێ زۆرترین خزمەت خەڵکی کەرکوک بکات بە کوردو سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە،نەک کەسێکی حیزبی بێت و ئەجیندای حیزبەکەی لە پێشینەی کارەکانی بێت،بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە کە کەرکوک پێویستی بە پێکەوەژیان و خزمەتکردنە نەک حیزبایەتی و جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە گرنگە پارێزگارێکی کورد،کە جێی متمانەی هەموو لایەک لە پێکهاتەکان بێت و بێ لایەن بێ،ببێتە پارێزگاری کەرکوک،بە مەرجێک کەسایەتیەک بێت خزمەتی دانیشتوانەکەی بکات.
لەڕاستی دا کەرکوک وەک چۆن دەچوێندرێ بە عێراقێکی بچوک و لە جیهانیش دا بە بەرمیلە باروت ناو زەد کراوە،پێویستە ژیرانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دا بکرێت،کورد بەهەموو لایەنەکانیەوە، کوردایەتی لە کەرکوک بکات نەک حیزبایەتی و ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکی شارەکەیە ئەوە بژاردەی ستراتیژی بێت،بۆیە بۆ دەستنیشانکردن و دانانی پارێزگاری کەرکوکیش دەبێ باشترین بژاردەی دانانی پارێزگارێکی کوردی بێ لایەنی جێ متمانەی هەموو لایەن و پێکهاتەکان بێت،بەو شێوەیە کورد گرەوی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەباتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن