رووسیا: قوتابییەکی کورد، وەک زیرەکترین قوتابی ساڵ ناوی چووە پەرتووکی زانکۆ

سەعدوڵا شێروان عوسمان، قوتابییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و چوار ساڵ لەمەوبەر بە هاوئاهەنگی نێوان حکوومەتی رووسیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە زانکۆی ئوڕاڵی فێدڕاڵی رووسیا بە زەمالە وەرگیراوە. دوای تەواوکردنی خویندنەکەی، لەناو زیاتر لە حەوت هەزار دەرچووی زانکۆکە، وەک یەکێ لە زیرەکترین و باشترین دەرچووی ساڵ ناوی چووە ناو پەرتووکی قوتابییە بلیمەتەکانی زانکۆ و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری یەکەترینبورگ و سەرۆکی زانکۆ خەڵات کرا.

سەعدوڵا یەکێکە لە 100 باشترین دەرچووی زانکۆی ناوبراو، کە دەستکەوتی نایابی لە بواری زانستی و ئەکادیمی هەبووە، ئەو گەنجە کوردە، کە بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس ڕۆشتووەتە ڕووسیا، نەک بۆ هاوتەمەنەکانی خۆی بوو بە نموونەیەک، بەڵکو لە پڕۆژە داهێنەرەکانی زانکۆ بوو بە یەکێ لە قوتابییە پێشەنگەکان، کە دەسکەوتی دانسقەی لە بواری زانستی و ئەکادیمی هەبووە.
ئەم قوتابیە کوردە ساڵی 2020 لە بەشی (زانستی و ئەندازیاری کۆمپیوتەر)ی زانکۆی ئوڕاڵی فیدڕاڵ
دەستی بە خوێندنی بەکالۆریۆس کردووە، لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنیدا رۆڵی چالاکی هەبووە و لە زیاتر لە 20 کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی ئایتی بەشداری کردووە و 5 پێنج بابەتی زانستی لە گۆڤارە زانستییەکانی ڕووسیا بڵاوکردووەتەوە.
کارە زانستیەکانی لە لایەن لیژنە پسپۆڕەکانەوە بەرز نرخێنراون.
سەعدوڵا لە پاڵ خوێندنەکەی، خولێکی لە پڕۆگرامی (کارایی کەسی و ڕابەرایەتی لە داهێناندا) تەواو کردوووە، کە لە لایەن زانکۆوە پەسەند کراوە و چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە ئەمەش یارمەتی دەدات بەشدارییەکی کارا لە پڕۆژەی(بە ئەلیکترۆنی کردنی ڕاگرایەتی) بکات. وەک خۆی دەڵێت، گرنگی پڕۆژەکە ئەوە بوو، کە ساڵانە لە فاکەڵتی ئەلیکترۆنی ڕادیۆ و تەکنەلۆژیای زانیاری، قوتابییەکی زۆر وەردەگیرێت بۆ خوێندن و ژمارەی کارمەندانی ئەو فاکەڵتیەش گۆڕانی بە سەردا نایەت، بۆیە بۆ ئەوەی گوشاری هەڵسوڕانی کاروبارەکانی فاکەڵتێتیەکە کەم بکرێتەوە، بەشێکی زۆری خزمەتگوزارییەکانی ڕاگرایەتی فاکەڵتێتیەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی پێشکەش بە قوتابییان دەکرێت. هەروەها ئەم لاوە کوردە لەگەڵ دوو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی بیرکاری گونجاو بۆ قوتابیانی بیانی بۆ مەبەستی باشتر کردنی پڕۆسەی خوێندن بەشداری کردووە. پرۆگرامەکە لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە پەسەند کراوە و وا بڕیارە بۆ ساڵی ئایندە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سەعدوڵا، ئەوەشی خستەروو، لە هەوڵە ئەکادیمی و زانستییەکانی و بەشداری پڕۆژەکانی بە ئەلیکترۆنی کردنی کاروبارەکانی زانکۆ بەردەوام دەبێت، لەوانە ئامادەکردنی خزمەتگوزارییەکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ نیشتەجێ کردنی قوتابییان لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ، ئەمەش پڕۆسەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی قوتابییان بۆ وەرگرتنی بەشە ناوخۆیی ئاسان دەکات.
ناوبراو لە قۆناغی چوارەمی خوێندن، لە ڕیزبەندی چالاکییە زانستییەکان و چالاکییەکانی تری ناو زانکۆ لەناو 37 هەزار و 871 قوتابی پلەی دوازدەهەمینی بە دەستهێناوە. هەروەها وەک یەکێ لە 20 باشترین قوتابییەکانی زانکۆی ئوڕاڵی فێدڕاڵ لە لایەن پارێزگاری هەرێمی سڤێردڵۆڤسک بانگهێشتکراوە بۆ باڵەخانەی پارێزگا و پیرۆزبایی لێ کراوە.

ئەو لە ماوەی خوێندنی بەکالۆریۆسدا 61 بابەتی خوێندووە و لە هەموویان بە پلەی نایاب دەرچووە، ئەمەش پێوەرێکی ئەکادیمییە بۆ توانای و قوڵبوونەوەی ئەو لە پڕۆسەی خوێندندا. وە لە هەر چوار ساڵی خوێندنیدا توانیویەتی لە ریزبەندی 10 قوتابییە زیرەکەکانی زانکۆ بێت.

ڕەنگە بە دڵت بن