ئەیلوولی مەزن شۆڕش و بەرخۆدان

کلارا محمدامین
رۆژی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ ئەو رۆژە مێژووەیە کە بارزانی نەمر بەهزرو بیرو ئایدیای نیشتمانی نەتەوەیی ،گیانی بەرخودانی کردەوە بە بەرمێژووی نوێی گەلی کوردستان و جەماوەرە تێکۆشەرەکەی.
لە ١١ ئەیلولی ١٩٦١ شۆرشی ئەیلوولی شکۆدار دژی زوڵم و ستەم نەعرەتەی شۆڕشگێرانەی دا و تا نسکۆی ڕێکەوتنە خیانەتکارەکەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ بەردەوام بوو، و چەندین سیستەمی حوکمڕانی بەغدای بەرامبەر مافەکانی گەلی کورد و کوردستانیان هێنایە سەرچۆک.
بەدرێژایی مێژوو هەنگا و خەباتی گەلی کوردستان لە پێناو گەلێکی ئازادو کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و کوردستانێکی سەربەخۆ بووە، لەو پێناوەشدا قوربانیەکی زۆرو بێ شوماردراوە و سەربەرزانە خۆ راگر بۆوە تا رۆژی ئەمرۆکەش لە پێناو مافەڕەواکانی کوردستان بەرامبەر هەموو زوڵم و داگیرکاریەک لەبەرەی پێشەوەی خەبات و بەرخودان و تێکۆشان دایە وخۆ ڕاگرو نەچەماوەیە بەرامبەر پیلان و نەخشەی دەرکی و ناوخۆیی . لەم پێناوەدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی پێشەنگی ئەو خەبات و تێکۆشانە پشت ئەستوورە بە کەلتوور و فەرهەنگی شۆڕشگێری و هزری نیشتمانی نەتەوەیی مرۆڤدۆستی دیموکراتی خوازی ئەو ڕێبازو میتۆدەی بارزانی باوک لە پێناویا تێکۆشاوە و سەرکێشی کردووەو و کوردستانیانی بەشەکانی دیکەش لە خەو و غەفڵەتگیری داگیرکاری باگا هێناوە.
عێراق و ناوچەکە لە دوای حوکڕانی کۆماری و لە شۆرشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ گۆڕانکاری گەورە بەسەرداهات بەتایبەتیش بارودۆخی عێراق وهەنگاو بەهەنگاو لە ناوخۆدا لە ئامانج و مەبەستی هەڵگیرسانی شۆڕش لای دەداو هێزو گروپەعەرەبە شۆڤێنیەکان لەو سەردەمەدا هەموو هەوڵ و کۆششیان بۆزیاتر چەوسانەوەی کوردو گرتنە بەری سیاسەتی تەعریب و توانەوەی هزرو بیری نیشتمانی و نەتەوەیی بووە و تاکە خەونیان ئەوە بووە کە کورد بچێتە ژێر باری سیاسەتی بەغدا کوردستان وکۆمەڵگەیەکەی کۆمەڵگایەکی بێ خواست و ئیرادەی نەتەوەی بێ . بەڵام بارزانی نەمر هەر زوو خەونی ڕەشی دوژمنانی کوردستان لەگۆر دەنێ و نیشانی هەموو لایەکی دا کە گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد خاوەن ئیرادەو پرسی خۆیەتی و چارەنووس و ئایندەی نیشتمانەی ناخاتە بەردەم قەدەرومەترسییەکانی داهیرکاری.
بە گەڕانەوەیەک بۆ لاپەرەکانی سەرەتای مێژووی ٦٣ساڵ پێش ئێستا چەندین هۆکار هەبوون بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ، یەکێ لەو هۆکارانە پێشێلکردنی مافە دەستووری و نبچینەییەکانی کەلی کوردستان و نەتەوەی کورد بووە و ئەوکات لە هەموو لایەکەوە دژی بەندی٣ی دەستور بوون کە تێیدا هاتبوو کورد و عەرەب هاوبەشن لە مافە نەتەوەیەکان لە عێراقێکی یەکگرتوودا.
دەبوو هەر ئەو کات عەرەب رێگا بە کورد بدات ئازاد و سەربەستانە کاری ڕێخراوەیەکان بکەن وکورد بە مافەکانی گەیشتبا لەو سەردەمەدا پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە حیزب و هێزی کوردستان بوو بەرگریکاری مافی کورد و کوردستانێکی سەربەخۆدەکرد هەر بۆیەش لە بەرامبەر زەبر و ستەمی ڕژێمی ئەوکات گڕو تینی شۆڕش لە دڵی هەموو پێشمەرگەکان و گەلی کورد بڵێسەی سەند و شۆڕشی ئەیلول لە دژی نا یەکسانیەکان بەرپا بوو.. ئەوەی کە بۆ تەواوی دونیا ڕوونە تاوەکو ئەمڕۆش دوژمنانی کوردستان هەوڵی بەدی هاتنی خەونی لەگۆرنراویان دەدەن، لە هەموو لایەکەوە تیرە ژەهراویەکانیان ئاراستەی ئیرادە و بیر و باوەڕی ئێمە دەکەن. خۆشبەختانە ئێمە خاوەنی گەل و باوەڕێکین لە هیچ کات و ساتێکدا ئامادەی تەسلیم بوون نەبووین و خوێنی پیرۆزی شەهیدان و متمانەی باوەڕدارانی ئەو ڕێبازە بنەما و بنچینەی قایمی پارتیمان بووە. لەئێستاشدا جێگەی دەست خۆشێە کە میللەتی کورد بە ورەیەکی پۆڵاینەوە ئارام و دان بەخۆداگرن لە بەرامبەر هەموو دۆخێک کە ڕوو بەڕوومام بۆتەوە شانازیە هەر بارودۆخێکدا بیر و باوەڕی خۆمان لەدەست نەداوە.
لە کۆتایدا هەزاران دروود بۆ ڕووحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی لەسەرووی هەموویان سەروەرمان بارزانی نەمر وکاک ئیدریسی هەمیشە لە دڵدا زیندوو . لەو یادە شکۆدارەدا هەموومان دەست لەسەر دڵ بەڵێنی بەردەوام بوون و خۆنەچەماندن دووبارە دەکەینەوە تا بە ئامانجە کانمان دەگەین کە خۆی لە ئازادی و سەربەخۆی وهێنانەدی ئاواتی بە دەوڵەت بوونی کوردستانە.

١١/٩/٢٠٢٤

ڕەنگە بە دڵت بن