لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرهێنەر و سینەماکار گەڕی چوارەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ دەستی پێکرد.
لەم گەڕەی فێستیڤاڵدا 52 فیلم لە 12 وڵاتی جیهانەوە بەشدارن بۆ نمایشکردن.
گولیزار گەردەنزەری بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت، فێستڤاڵی ئەمساڵ پێشکەش بە شنگال کراوە و زۆرترین سەرنج خراوەتە سەر کوردانی ئێزدی .
ئەمساڵیش بینەران و سینەماکاران، بەجۆش و خرۆشەوە روویان کردووەتە چوارەمین وەشانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ، چونکە ئەم فێستیڤاڵە گرنگترین چالاکی هونەرییە، کە کولتوور و ئازار و مەینەتیەکانی گەلی کوردستان لە رێگەی سینەماوە دەخاتەڕوو. بەرهەمەکان لە دوازدە وڵاتەوە بەشدارن و تا 22ی ئەم مانگە لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا نمایش دەکرێن،
لە رێوەڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، وتار، ستران و چەند چالاکیەکی دیکە پێشکەشکران، دواتر فیلمی شنگال نمایشکرا، ئاننا ماریا بۆفەڕول دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت.
“شنگال چیرۆکی سێ ژن دەگیرێتەوە، بەشێوەیەک لە شێوەیەکان هەموو چیرۆکەکانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان تێکەهەڵکێشن، چیرۆکەکە هی ساڵی 2014یە، ئەو رووداوانە کاریان تێکردم کە ژنەکان دەبران و دەرفیندران، من هەستم کرد دەبێت کارێکیان بۆ بکەم، گەشتم بۆ کوردستان کرد و زۆر رزگاربووم بینی و هاوکاری کراوبوون و چیرۆکەکانیان دەگێڕیایەوە، من زیاتر پابەندی دەرهێنانی فیلمەکەم لا گەلالە بوو، دڵخۆشم کە چیرۆکی ژنە ئیزدییەکان لەگەڵ بینەران هاوبەشی پێبکەم و گەواهی و چیرۆکی راستەقینەی ئەستەمی کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان لە رێگەی فیلمەکە بگێرمەوە“
لە هۆڵەکەدا جگە لە سینەماکار و بینەری کورد، ژمارەیەکی بەرچاوی هەوادار و شارەزای سینەما لە میللەتانی دیکە ئامادەن، پسپۆڕی سینەما ماریکا گێڤۆرکیان، سیناریۆنوس دەڵێت“ هەموو ئەو ڤێستیڤاڵە سینەماییانەی لە روانگەی ئەتنی و نەتەوەییەوە رێکدەخرێن، بێگومان سنوری نەتەوەیی دەبڕن و دەپەڕنەوە بۆ ناو کێشەکانی ئەمڕۆی جیهان، من دڵنیام کە هەموو ئەو ڕێگە هونەریانەی گەلانی دنیا بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەیگرنە بەر ، ئاستی ناوچەیی دەبڕن و لەسەر ئاستی مرۆیی دەبنە ڕێنیشاندەر بۆ چارەسەر و وەستاندنی ئەو زوڵم و ستەمانەی لێرەو لەوێ بەناهەق دەکرێن. فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێگومان دەتوانێت سنورەکانی نەتەوە ببڕێت و لەسەر ئاستی جیهانی دەتوانێ لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێ و ڕێگەچارە پێشنیاز بکات”
لەم گەڕەی فێستیڤاڵدا، کە بڕیارە تا22ی ئەم مانگە بەردەوامبێت، 52 فیلم نمایش دەکرێن فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ، مەزنترین چالاکیی هونەری و سینەمایی کوردییە لە سەر ئاستی رووسیا و وڵاتانی سۆڤێیەتی پێشوو. لە رۆژی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، لە رێگەی فیلمی شنگالەوە ئازار و مەینەتی کوردانی ئێزیدیی نیشاندرا.