ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر
تەمەن ئەو پەڵە هەورە سپییەیە کە دێت و دەڕوات گوزەر دەکات، ئەوکاتەی کە لە تەمەنی 17 و 18 ساڵیدا بووم، هاوڕێی تەمەنم شێوەکاری کورد مەریوان جەلال کەریم، لە پەیەمانگای هونەرەجوانەکانی شاری سلێمانی لە هەوارەبەرزە ناسیم، کە هیوا و ئەستێرەیەکی گەش لە چاوەکانماندا دەدرەوشایەوە، قوتابی هونەر و مرۆڤایەتی بووین لە ژێر دەستی پۆلێك لە هونەرمەندە پێشەواکانی کورد، ئێمە داهاتووی ئەو کوردستانە بووین، کە مامۆستاکانمان شەو و ڕۆژیان بۆ ئێمە دەخستەوە لە فێربوون و گرینگیدان بە هونەری شێوەکاری.
مەریوان جەلال کەریم، لەدایکبووی ساڵی 1966 هەرێمی کوردستانە و ئێستا لە شاری لەندەن نیشتەجێیە هەر لەوێش کاردەکات.
لەساڵی 2011 بەکالریۆسی لە سیرامیکی زانکۆی کەمبریل وێڵ بەدەستهێناوە، هەر لە هەمان زانکۆ لەساڵی 2014 ماستەری لە چامەنی (Printmaking) لە هونەری بینیندا بەدەستهێناوە.
هونەرمەندێکی فرە چەشنە لە بەکارهێنانی تەکنیك و قوتابخانە هونەرییە جیاجیاکان و بەکار هێنانی ماتریاڵەکاندا، کارەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەی ڕۆژانەن، کە ڕوودەدەن، یا ڕوویانداوە، لە ڕابردوو لە داهاتوودا و بەرهەمەکانی وەک ڕەخنەیەک بەرامبەر بە بارە کۆمەڵاییەکان و باری ڕامیاری و، هەروەها کەلتوور ئاڕاستە دەکات، وە بەکارهێنانی سەرچاوە مێژووییەکان کە پەیوەندیان بە نیشتمانەوە هەیە، دۆزینەوە و نیشاندانی پەیوەندی نێوان بابەت و ژینگە، لە کارەکانی هونەرمەندا سنوور بۆ بەکارهێنانی ماتریاڵ نییە، پەیوەست نیە بە یەک ماتریاڵ و یەک کردارەوە، هەمیشە ماتریاڵ لە خزمەت کارەکەیدا بەکار دەهێنێ بە بەکارهێنانی سیرامیک، چاپ، وێنەکێشان، وە هەرووەها ماتریاڵی جیاواز.
کاتێك گوزەر دەکەیت بەنێو ژیان و کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی شێوەکاری کورد مەریوان جەلال کەریم، زۆر ڕەندهم لا دروستبوو، وام بە چاكزانی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بۆ کارەکان و فۆڕم و تێڕوانینەکانی هونەرمەند بکەم، ئەگەر هونەرمەند دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانییە، پۆلێك لە مامۆستای ئەکادیمی وانەیان بە هونەرمەند وتۆتەوە، بەڵام ئەو ڕۆژانەم لەیادە، کە ڕۆژانە هونەرمەند مەریوان سەرقاڵی هێڵکاری سروشت و دەموچاو و مۆدێلە هونەرییەکان بوو لە چایخانە و سەرشەقام و، دەرچوون بۆ سروشت و گرینگیدان بە دروستکردنی فۆرم لە نێو سکێچەکانی، گرینگی دان بە لەش و لاری مرۆڤ بە هەموو جوڵەکانییەوە، بەتایبەتی شێوەی باڵا و دەموچاو دەست و جوڵە جیاجیاکانی مرۆڤ لە هەموو کاتەکاندا، لەهەمانکاتدا گرینگی بەکاری ئاوی دەدا، کە وانەیەکی گرینگە لەهونەری شێوەکاریدا، بنەماکانی ئەکادیمی ئەو ڕێچکەیە بوو کە سەرەتایەکی تۆکمەیی لە سەر دروستکرد، هەر لەوێوە هەنگاوی بەرەو کارە ڕۆنی و گرافیکی و فۆرمەلە کردنیان لە نێوان چوار چێوەی کەنفاسەکاندا نا، لەدوای دەرچوون لە پەیمانگا، ئەو قۆناغەکانی هونەری شێوەکاری گواستەوە بۆ بەربڵاوی هونەر لە سنووری خۆی و چووە نێو ئەو قوتابخانە هونەریانەی، کە لە هەموو جیهان ناسراونم وە پیادە کراون، بێگومان کەلتووری کوردی، یا فۆلکلۆری کوردی بەشێکی هەرە گرینگ بوون لە نێو پرۆسەی کاری ئەو هونەرمەندەدا .
هزری هونەرمەند لەو ڕوانگانەوە سەرچاوەی گرتووە کە خوێندنەوە و توێژینەوەیەکی گشتگیری ئەنجاو داوە لە کۆی ئەزموونی ژیانی هونەریدا، بەتایبەتی شارەزایی لەسەر هونەرمەندانی جیهانی و قوتابخانە هونەرییەکان و مێژووی هونەر و ئەو سەدانەی، کە هونەری شێوەکاری ڕۆڵی هەبووە بۆ پێشخستنی ڕۆشنبیریەتی هونەری هاوچەرخ، بەهۆی تێکەڵبوون و گۆڕینەوە و ئاڵوگۆڕی هونەرییەوە لەڕێگای سیمینار و خوێندنەوە و، بە ئەکادیمی بوون و زانستە هونەرییەکان، ئەو ڕوانگەیەی وە تێڕوانینەی کە هەیەتی، بوون بە بنەمای سەرچاوە ئەزموونەکانی .
لەو ڕوانگەیەوە من دەمەوێت دیدەیەك لە ئەزموون و کارە هونەرییەکانی هونەرمەند مەریوان جەلال بگرم بە دابەشکاری ڕەنگەکان و هونەری لێك نزیكکردنەوە، واتە کاتێك مرۆڤ نیگا لە ڕەنگەکان دەگرێت و دەیەوێت خوێندنەوەیەك بۆ ئەو ڕەنگانە بکات، کە هونەرمەند هەڵبژاردەی کردوون، ئەوا لێك نزیكبوونەوەیەك لەبەینی مرۆڤ و کارە هونەری کەدا دەبێت، هەڵبژاردەکەشی ئەو مرۆڤە زیاتر دەباتە نێو قووڵایی کارەکانەوە. لەو هەڵبژاردەیەشدا هونەرمەند بە ئەزموونی قووڵی ئەوەی ڕێكخستووە، ویستوویەتی سەرەنجی بینەری تێدا جێگا بکاتەوە، بێگومان هەروەك باسمان کرد، کاریگەری ئەکادیمی و قۆناغە جیاوازەکان لەسەر کارە هاوچەرخەکان لەنگەری گرتووە، هەربۆیە دەستنیشانکردن کاری لە پێشینەی هونەرمەندە، چ بۆ ڕەنگەکان، چ بۆ فۆرمەلەکان، ئەو سەرچاوەیە چین کە فۆرمەکان و ئایدیای تێڕوانینەکان لە یەکتری جیا دەکاتەوە، بێگومان ئەزموون، تاقیکردنەوەی بەردەوامی هونەرمەند لە ژیانی هونەریدا، ئەوەی دەرخستووە کە بتوانێت ئەو قۆناغە هاوچەرخییە بهێنێتە پێشەوە، وە ببێتە جێگای سەرەنجی مرۆڤەکان، پشت بەستن بە کەلتووری کوردی و فۆلکلۆر ژیانداری لەنێو کۆمەڵگای کوردەواریدا، ئەوانە هەموو دەبەستێتەوە بە سروشت، چیاکان، ژیانی تاکەکان لە نێو گوندەکان و نێو شاردا، کۆی فۆلکلۆری کوردی هەوێنی هەموو ئەو کارانەن، کە هونەرمەند مەریوان دەستیانی بۆ بردووە، هەر ئەو ڕەنگدانەوەیە کە چ بە ڕێبازی ڕیالیزمی، یا ڕیالیستی و دەربڕین خوازی، تادەگاتە هونەری هاوچەرخ، واتە هەر فۆرمەڵەیەك لە بەرگێکی تر و تایبەتدا کاری لەسەر دەکرێت .
تەکنیکی هونەری لەدایكبووی ئەزموونەکانە، بۆیە شێوەکار مەریوان جەلال، خاوەن ئەو ئەزموونە پڕ و چڕەیە، کە بە درێژای تەمەنی توانیوێتی تەکنیکەکان لە پڕۆژە جیاوازەکاندا بەدەر بخات، بۆ هەر پرۆسەیەك، یا پێشانگا و وۆركشۆپێك، بیری لەوە کردۆتەوە، کە چ تەکنیکێك هەڵبژێرێت، چی گونجاوە بۆ ئەو جۆرە کارانە، ئەمە وایکردوە کە ببێتە خاوەن ئەزموونێکی گرینگ لە بواری کارە هونەرییەکانیدا .
پۆشاکی کوردی لەنێو کارە فیگەرییەکاندا و کەرەستە بەکارهێنەرەکان
هەمان ئەو فۆرمانە کۆدەکاتەوە و، تایبەتمەندێتی خۆی دەداتە ئەو تابلۆیەی، کە سەرچاوەکەی ئەزموونە جیاجیاکانە، ئەگەر زیاتر بچینە نێو بابەت و هەڵبژاردەی فۆرمەکانەوە، ئەوا مێژووی میللەتەکەمان دیار و ئاشکرایە و هەموومان وەکو دیاردەییەکی سروشتی، کە وەرچەرخاوە، دەستی بۆ دەبەین و، لەنێو کارە هونەریەکاندا بەکاریان دەهێنین و، دەمانەوێت پیشانی هەموو خەڵکانی بدەین، کە ئێمە ئەو کەلتوورەین، دەست بردن بۆ ڕەنگە کوردەوارییەکان کە هەمان شت لە پۆشاك و لە جلوبەرگ و بەکارهێنراوەکاندا بەکاریان دەهێنین، هونەرمەندی شێوەکاری کورد مەریوان جەلال، ئەوانەی وەکو باکگراوند، یا فۆرمەلە لەکارە هونەرییەکانیدا بەدەرخستووە.
قۆناغەکانی شێوەکاری کورد مەریوان جەلال زۆرن، بەپێی ئەو کارانەی کە ئەنجامی داون، وە قۆناغ بە قۆناغ و ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی کە من سەرەنجی لێ دەگرم، ئەویش هونەری چاپ و خوێندنەوە بۆ قۆناغەکانی هونەری چاپ و مۆرکی نەخشخوازی و، هونەری سیرامیك و تاقیکردنەوەی گڵە جیاجیاکان و، ئامادەکاری کردن بەشێوەیەکی هاوچەرخ، بەتایبەتی هونەری چاپ کردن لە سەر سیرامیك، وەکو چاپی سکرین و چاپی مۆنۆ و چاپی ڕاستەوخۆ، وە چەند جۆرێکی تر لە تەکنیکی چاپکردن، گواستنەوەی هونەری کۆلاج لەبەر دەستەیییەوە بۆ چاپە گرافیکییە میتالییەکان و، لە ئەزموونێکی تری کارەکانیدا ڕەنگ دانەوەی سروشتی هونەری 3دی بەشێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخ لە سەر قوڕە سوور و ساردەکان، ئەمانەش بەشێکن لەو پرۆسە کارە هونەریانەی کە هونەرمەند لە ژیانی هونەریدا ئەنجامی داون، وە گرینگیان پێ دەدات، بێجگە لەوەیش کە هەردەم سەرقاڵی توێژینەوەی زانستییە لەو بوارەدا، کە چۆن بگاتە لوتکەی ئەو ئەزموونانەی کە ئەنجامی نەداون و، دەیانەوێت لە داهاتوودا ڕێگە و چارە هونەرییەکیان بۆ بدۆزێتەوە.
چاپ لە دەیدەیی و دووبارە بوونەوەیاندا، گواستنەوە بۆ ڕووبەرە ئەندازیارییەکان و، پەیوەندی هونەری ڕەنگ و شێوەکاری لەگەڵ هونەری سیرامیك و داڕشتنی بەشێوەیەکی تەکنیکی هونەری، ئەو کارەیە کە هونەرمەند مەریوان جەلال خۆی تێدا دۆزیوەتەوە .
ئامانجی ئەزموون و کارە هونەرییەکان، چالاکییە هونەرییەکانی شێوەکاری کورد ئەوەیە، کە پردی بەیەك گەیشتن لەنێو لەندەن و کوردستان بەشێوەیەکی زۆر هاوچەرخانە گرێ بدات و، سوودی ئاڵوگۆڕ بنەمایەك بێت بۆ ئەو هەنگاوانەی کە کردوویەتی، کاتێکیش سەرەنج لە چالاکییە هونەرییەکانی دەگریت، ئەو ئەزمونەمان پێش چاو دەکەوێت، کە تێکەڵیەکی لێك نزیكبوونەوە و زمانحاڵی هەیە، هەموو کارەکان و چالاکییە هونەرییەکان، ئەمەش ئەو گرینگی دانەیە، کە هونەرمەند پلان و بنەمای خۆی بۆ داناوە .
ئەو هاوچەرخێتی و تەکنیك و مۆدێلە نوێیە چ لەکارێکی گەورەدا، یا لە کاری بچوکدا، یان درێژ و لاکێشەیی، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ئەو لە هەموو وێستەیەك جێگە پەنجە و دەستی دیارە، چ لە کارە هونەرییەکان، وە چ لە داهێنانەکانی، بەتایبەتی کاتێك کە سەرقاڵی وۆركشۆپێك دەبێت و، کۆمەڵە تەکنیك و کەرەستە و ڕەنگێکی نوێ دەخاتەوە، ئیدی ئەگەر کاری سیرامیکی بێت، یا گرافیکی، یان کارە دەستییەکان.
شێوەکار مەریوان جەلال کەریم، هەر ئەو هونەرمەند و ئەستێرە درەوشاوەیە، کە پێش ٣٩ ساڵ پێش ئێستای تەمەنی درەوشایەوە وە هەر بەو ڕووناکی هونەرییەوە دەیبینم، ساڵی 1989 پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی تەواو کردووە.
لەساڵی 2002 ەوە لەشاری لەندەن نیشتجێیە، 2004 بڕوانامەی لە هونەری دیزاین لە نیوهام کۆلێج وەرگرتووە.
2005 بۆ 2007 کۆرسی دبلۆمای بەرزی لە سیرامیکدا خوێندووە.
2008 بۆ 2011 زانکۆی هونەر لە لەندەن (کۆلێجی کەمبیروێڵ) خوێندنی سیرامکی خوێندووە.
2012 بۆ 2014 زانکۆی هونەر لە لەندەن ماستەری لە چاپگەری (Printmaking) لە زانکۆی کەمبیرێڵ خوێندووە.
کارەکانی لە وڵاتانی بەریتانیا، هۆڵندا، سوید، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، یابان و کوردستان نمایش کردووە، خاوەنی چەندین بابەتی نووسینی هونەرییە، هەروەها وەرگێڕانی کتێبێک لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی، بە ناوی (جێگرەوەی کوورە و تەکنیکی جۆشدان)، کە تایبەتە بە سیرامیک، لە ساڵی 2018 بەچاپ گەیاند.
لەساڵی 2017 لە ئەنجومەنی وەزیران لە شاری لەندەن و لە یادی جەژنی نەورۆزدا، بە باشترین هونەرمەندی ساڵ هەڵبژیردرا.