ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و پەنابەری ئەڵمانیا دەریدەخەن، کە 16،328 هاوڵاتی سوری لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا داوای مافی پەنابەرێتییان لەو وڵاتە کردووە، کە تێیدا 16،091 لەوانە داواکاری نوێ بوون و گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیکردەوە، کە 10،093 هاوڵاتی سوری مافی مانەوەی کاتیان پێدراوە، واتە مافی نیشتەجێبوون بۆ ماوەی ساڵێک، لە کاتێکدا 2،085 کەس وەک پەنابەری هەمیشەیی وەرگیراون.
تا ئێستا سورییەکان بەرزترین ڕێژەی ئەو پەنابەرانە پێکدەهێنن کە گەیشتوونەتە ئەڵمانیا، بە ڕێژەی 83.2٪.
جێی ئاماژەیە ژمارەی پەنابەرانی سوریا لە ئەڵمانیا، یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش زۆرترین ڕێژەیە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 بۆ ڕزگاربوون لە شەڕی وڵاتەکەیان و، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان هەزار سوری ڕەگەزنامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە.