زمانی زێڕین دۆزرایەوە.. بۆچی؟

شوێنەوارناسانی میسری مەزارێکی کۆنیان دۆزیوەتەوە و، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە جیاوازەکان، کە تەرمی مۆمیاکراوی تێدایە و زمانیان بە زێڕ کراون.

ئەو دۆزینەوەیە لە گۆڕستانی شوێنەواری قوسنەی سەر بە پارێزگای مەنوفیە بووە و، لە کاتی هەڵکەندندا، زانایان سەرکەوتوو بوون لە ئاشکراکردنی درێژکراوەی گۆڕستانی شوێنەواری قوسنە، کە مەزاری شوێنەواری ژمارەیەک مۆمیای تێدایە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی جیاواز.

مستەفا وەزیری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای شوێنەوارەکان گوتی، ژمارەیەک پارچەی زێڕی بەشێوەی زمانی مرۆڤ لە دەمی هەندێک لە مومیاکراوەکاندا دۆزراوەنەتەوە.

ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی بڵاویکردەوە، کە شارەزایان پێیان وایە زمانی مۆمیای ڕاستەقینە لەکاتی مۆمیایکردن لابراون و لە جێیدا ئاڵتونیان بۆ کراوە، بۆ ئەوەی کۆچکردوو لە دوای زیندوبوونەوەی لەگەڵ خودای ئۆسیریس گفتوگۆ بکات.

ئەفسانە کۆنەکان دەڵێن، کە ئۆسیریس لە گرینگترین خوداوەندەکانی میسری کۆنە و، بە پەروەردگاری جیهانی ژێردەستە و دادوەری مردوان وێنای کراوە.

لەلایەکی دیکەوە ئێسک و پاشماوەی تابوتی داری بەشێوەی مرۆڤ و ژمارەیەک نینۆکی مسی بەکارهاتوو لەو تابووتانەدا دۆزراونەتەوە.

شوێنی گۆڕستانی قوسنە، یەکێکە لە شوێنە هەرە گرینگەکانی شوێنەواری دێلتا، چونکە چەندین شتی سەردەمە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت، لەوانە گۆڕستانێکی دەگمەن بۆ بەخاکسپاردنی باڵندە پیرۆزەکان و، ژمارەیەک لە یەکەی تەلارسازی، کە لە خشتی پوڵ دروست کراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن