بەمەبەستی نەهێشتنی کۆچکردنی نایاسایی بۆ تورکیا، 2106 پەنابەری نایاسایی دیپۆرتکرانەوە, هەروەها ڕێگریش لە چوونەژوورەوەی هەزاران کۆچبەر کراوە، ئەوەش بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە.
سەرۆکایەتی بەشی کۆچبەرانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا 2106 کۆچبەریان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە دیپۆرتی وڵاتەکانیان کردۆتەوە، هاوکات هەر لەم هەفتەیەشدا توانیویانە کە رێگری لە 3645 کۆچبەر بکەن، کە بچنە نێو تورکیاوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: زۆرینەی کۆچبەران خەڵکی ئەفغانستان و پاکستان بوون، هەروەها نەتەوەکانی دیکەشیان تێدابووە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا توانیویەتی 98 هەزار و 923 کۆچبەر دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکاتەوە.
لەبەیاننامەیەکدا کە لەلایەن دەوڵەتەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوەکراوەتەوە کە شەڕی دژی کۆچکردنی نا ڕێکوپێک و بە پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکان بەردەوامە.